لە ویکی پێدیاوە بەم جۆرە باس لە نووسەری کتێبەکە و ژیان و بەرھەمی کراوە:
د. عایز قەڕنی، (بە عەرەبی: د.عائض القرني)، لە سعودیە لەدایکبووە لە ساڵی ١٩٥٩، و نووسەرێکی ناودار و بانگخوازێکی ئیسلامییە، ھەوڵ ئەدات پەیڕەوێکی ناوەندی ھەبێت لە سوننەدا، و خاوەنی کتێبی بەناوبانگی (دڵتەنگ مەبە)یە کە نوسخە وەرگێڕدراوە کوردییەکەی زیاتر لە دوانزە جار چاپکراوەتەوە، و ھەروەھا بە عەرەبی زیاتر لە ١٠ ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە، خاوەنی زیاتر لە ٨٠٠ وانە و موحازەڕەی ئیسلامی و ئێوارە کۆڕی شیعری و نەدوەی ئەدەبیە.
ژیانی
ناوی عایز کوڕی عەبدوڵڵا قەڕنییە لە باشوری سعودیە ھاتۆتە دنیاوە لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩٥٩، و خوێندنی سەرەتایی لە خوێندنگەی ئال سولەیمان خوێندووە، و خوێندنی ناوەندی لە پەیمانگەی زانستی ڕیاز تەواو کردووە، ودواناوەندی لە پەیمانگەی زانستی ئەبھا تەواوکردووە، ولە کۆلێژی ئوسوڵی دین لە ئەبھا دەرچووە و پاشان ھەردوو شەھادەی ماستەر و دوکتۆرای بەدەستھێناوە. ئیمام و وتارخوێنی مزگەوتی ئەبوبەکری سدیق بووە لە ئەبھا.
دانراوەکانی
د. عایز قەڕنی چەندەھا دانراوی ھەیە لەسەر فەرموودە و تەفسیر و فیقھـ و ئەدەب و ژیاننامەدا ھەروەھا چەندین دیوانی شیعری ھەیە، و زۆر لە بەرھەمەکانی وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانی کوردی، لەوانە:
#١دڵتەنگ -یان خەمبار مەبە، دووجار و جۆتەکەس وەریان گێڕاوە-٢پەیامێک تایبەت بە گەنجان. ٣٠ڕێگە بۆ بەختەوەری ٤خۆشبەخترین ئافرەت لە جیھاندا
ئاستەنگییەکان
د. عایز ئاستەنگییەکی زۆری ھاتۆتە پێش لە بانگەوازکردندا، بەند دەکرێت بە ھۆی ھەندێک لە موحازەڕەکانییەوە لە ئەبھا کە ڕەخنەی گرتبوو لە ئامادەبوونی سەربازی بیانی بە ھۆی داگیرکردنی کوەیتەوە، دواتر ئازاد کرا بەڵام چالاکییەکانی سنوردار کرا و و قەدەغەی بڵاوکردنەوەی ووتارە ھەفتانەییەکانی کرا لە ڕۆژنامەی موسڵمانان، و بە چەند تۆمەتی جیاواز لە ئەبھا بەندکراوە و چالاکییەکانی سنوردارکراوە تا شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی جێھێشت و چووە ڕیاز و پاشان گەڕایەوە.
بەرنامە تەلەفزیۆنەکانی
د. عایز قەڕنی خاوەنی چەندین بە رنامەی جۆراوجۆرە لەسەر کەناڵە بە ناوبانگە عەرەبییەکان بەرنامەکانی پەخش دەکرێت، لە و کەناڵانەی بەرنامەکانی د. عایزیان پەخش کردووە ئەمانەن: mbc، ڕیساڵە، دوبەی، ئیقڕە، ساحە و ڕایە.
دڵتەنگ یان خەمبارمەبە:
ناودارترین بەرھەمی د. عایز قەڕنییە کە وەرگێڕدراوەتە سەر زۆر لە زمانە جیھانییەکان و بە دوو شێوازی جیا وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی یەکەمیان لە ژێر ناوی (دڵتەنگ مەبە) مامۆستا ئەبوبەکر تۆفیق فەتاح وەریگێڕاوە و لە دووتووێی نزیکەی ٦٥٠ لاپەڕە چاپکراوە و زیاتر لە ١٢ جار چاپکراوەتەوە تاکو ئێستا، دووەم وەرگێڕانی ئەم کتێبە لە ژێر ناوی (خەمبار مەبە)یە کە (ءەحمەد عەبدوڵڵا وەرتێ) وەریگێڕاوە و هەروەھا ئەمەشیان چەند جارێک چاپکراوەتەوە.
بە عەرەبی زیاتر لە ١٠ ملیۆن دانەی لێفرۆشراوە و گۆڤاری فوریزی ئەمریکی بە پڕ فرۆشترین کتێبی عەرەبی داناوە لە جیھاندا.
کتێبەکە لایەنی ئازارەکانی ژیانی مرۆڤ دەردەخات، و ھەوڵئەدات بیگوێزێتەوە لە خەمەوە بۆ خۆشی و لە بەد بەختییەوە بۆ ڕازیبوون، بە شێوازێکی ئاسان ئەدوێت و لایەنی ئاینی و ڕۆحی زیاتر تیا دەردەکەوێ، نووسەر لەگەڵ خوێنەردا ئەدوێ بە شێوەیەکی کاریگەر و بە پەیامی لۆژیکی و ئامۆژگاری، ھەروەک چەندین چیرۆک و بەسەرھات بە نموونە ئەھێنێتەوە لە چیرۆکە ئیسلامی و نا ئیسلامییەکان، و ھەروەھا بەشێوەیەکی زۆر شیعر و ھۆنراوە و وتەی ناودرانی بە نموونە ھێناوەتەوە بە تایبەت ئەوانەی گەشبینی بڵاودەکەنەوە، و لە ھەمان کاتدا بە شێوازێکی ئەدەبی زۆر بەرز و جوان نووسراوە.
لە ووتەکانی
گرفتەکانمان لەوەدایە، ئێمە ڕۆژانە زیاتر لە سەد جار ئەترسین لە بێجگە لە خوا ئەترسین دوا بکەوین، ئەترسین هەڵە بکەین، ئەترسین پەلە و خێرا بکەین، ئەترسین فڵان کەس لێمان توڕە بێت.ئەوەی ڕابوورد لەدەست چووە، ئەوەی کە ڕۆیشت مردووە ... بیر لە ڕابردوو مەکەوە چونکە کاتی بەسەر چووە.بەڕاستی مرۆڤ ھەڵە بێت لە کاتی لێخۆشبوونی، باشترە لەوەی ھەڵە بێت لە تۆڵەسەندنەوەی.کاتیک توشی ناخۆشی بوویت، بزانە وەک ھەوری ھاوین وایە ... دەنگ و بروسکەکەی ناتترسێنێ لەوانەیە ھەڵگری ئاوی بارانی ڕەحمەت بێت.بێئومێد مەبە لە تەواو کردنی کارێک ... پێویستە لەسەرت کە بزانیت کاری مرۆڤی گەورە ھەرگیز تەواو نابێت.
دەستان خۆشبێت